رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو هێڵی کۆنتڕۆڵ لە تەنگەی هورمز رادەگەیێنێت و دەڵێت، هەر هاتووچۆیەک لەو ناوچەیەی دەستنیشان کراوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانیاندا دەبێت. جێگری سیاسیی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، لەمەودوا هیچ هاتووچۆیەک لە تەنگەی هورمز بەبێ مۆڵەتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ناکرێت.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، ئەمڕۆ سێشەممە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژی دووشەممە بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک، نەخشەی نوێی ئەو ناوچانەی خستەڕوو کە لە تەنگەی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو سنوورانەی لەلایەن ئێرانەوە لە تەنگەی هورمز دیاریکراون، لە دوو هێڵی کۆنترۆڵ پێکدێن کە لە رێگەیانەوە سەروەریی ئێران بەسەر تەنگە ستراتیجییەکەدا جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێڵی یەکەم لە باشووری ئێران و رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز هەڵکەوتووە و لە چیای موبارەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو باشووری بەندەری فۆجەیرە لە ئیمارات درێژ دەبێتەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، هێڵی دووەمی سەپاندنی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا لە رۆژئاوای تەنگەکە هەڵکەوتووە و لە دوورگەی قیشم لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کەناراوەکانی ناوچەی ئوممولقەیەوین لە ئیمارات بەردەوام دەبێت.
تێپەربوون بە تەنگەکەدا تەنیا بە مۆڵەتی ئێران دەبێت
یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سوپای پاسداران، شەوی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی، باسی ئەو هەنگاوەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کرد و گوتی: "ئامانج لەم هەنگاوە نوێیەی ئێران، سەپاندنی بەڕێوەبەری و رێوشوێنی نوێیە بەسەر تەنگەی هورمزدا."
بە گوتەی جەوانی، "ئەم شێوازە نوێیەی بەڕێوەبردن دەبێتە بنەمایەک بۆ سیستمێکی نوێی ناوچەیی و جیهانی."
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەڵێت، هەر کەشتییەک بیەوێت بە تەنگەکەدا تێپەڕێت یان هاتووچۆ بکات، دەبێت بە مۆڵەتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، تاوەکو ئاسایشی پارێزراو بێت.
جێگری سیاسیی سوپای پاسداران ئاماژه بەوە دەکات، هاتووچۆی کەشتییەکانی وڵاتانی دووژمن و نەیار لە تەنگەی هورمز قەدەخەیە. هۆشداریشی دا، لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێوشوێنەکانی ئێران، وەڵامێکی تووند و یەکلاکەرەوە دەدەنەوە.
راگەیاندنی نەخشەی نوێی سنووری دەسەڵاتی هێزەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی ئازادیی ئەمریکا بۆ ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی"ـی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز راگەیاندووە کە لە رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
کۆشکی سپی دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستن و هێنانەدەرەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەیە کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ