رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، ئەو دامەزراوە نەوتیانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەخێرایی نۆژەن دەکرێنەوە.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: "بەدرێژایی رۆژانی جەنگ، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران کەمی نەکرد و رەوتی هەناردەکردنی لە ئاستێکی گونجاودا بەردەوام بوو."
موحسین پاکنەژاد گوتی: "لەو کاتەدا رووبەڕووی هەندێک کێشە و ئاستەنگ بووینەوە، بەڵام بە دەرکردنی بڕیاری دروست و خێرا توانیمان کۆنترۆڵیان بکەین."
موحسین پاکنەژاد ئاماژەی بەوەشکرد: "نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی پیشەسازیی نەوت خراوەتە بەرنامەی کارەوە و بە خێرایی نۆژەن دەکرێنەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە لە 13ـی نیسانەوە کاری پێدەکرێ، کاریگەرییەکی لەسەر کەرتی وزەی ئێران دروستکردووە.
پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026، هەناردەکردنی نەوتی ئێران تاوەکو رادەیەک جێگیر بوو. لە ئاداری 2026دا ئێران نزیکەی 3.2 ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا و زیاتر لە 1.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.
بەڵام داتاکانی (کێپلەر) دەریدەخەن کە ئاستی کۆگاکردن لە دوورگەی خارکی ئێران بە خێرایی بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی وەستانی بەشی زۆری هەناردەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ