رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کەرتی کارەبا لە ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر وڵاتەکە، زیاتر لە 2.1 تریلیۆن تمەن زیان بە تۆڕی کارەبای شارەکانی سەر بە پارێزگای تاران گەیشتووە.
ئەکبەر حەسەن بەکلوو، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکەوتەکانی ئەو جەنگەی کە ناوی ناوە "جەنگی سەپێندراو"، بڕی زیانە بەرکەوتووەکان بە ژێرخانی کارەبای پارێزگاکە گەیشتووەتە دوو تریلیۆن و 100 ملیار تمەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 124 کیلۆمەتر لە تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران زیانی جیدییان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای قەبارەی زیانەکان، توانراوە لە کەمترین کاتدا سەرجەم ئەو شوێنانەی زیانیان پێگەیشتبوو نۆژەن بکرێنەوە و تۆڕی کارەبا ئاسایی بکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر رێککەوتن نەکەن، ژێرخانی وزە و کارەبایان دەکەنە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ