رووداو دیجیتاڵ
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی مهاباد بە تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی بەسیج"، سزای لە سێدارەدانی بۆ گەنجێکی کوردی دانیشتووی بۆکان دەرکرد.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لەلایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی مهاباد، سزای لە سێدارەدان بۆ (موحسین ئیسلام خاه)ـی 19 ساڵ دەکرد، کە یەکێک بووە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەیلوولی 2022 لە شاری بۆکان.
موحسین تۆمەتی کوشتنی "بەئەنقەست"ی ئەندامێکی بەسیجی لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دراوەتە پاڵ.
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر لەسەر ئەم دۆسیەیە، دوو تۆمەتباری دیکە، بە ناوەکانی (محەممەد فەرەجی) و (رەئوف شێخ مەعرووفی) بە تۆمەتی بەشداری لە تاوانەکە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
موحسین ئیسلام خاە، لە ئاداری 2025 دەستبەسەر کرا و بە پێدانی بارمتە ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە رۆژی 23ی شوباتی 2026 دەستبەسەر کراو و گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی بۆکان و لە سزاکەی ئاگادار کراوەتەوە.
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحسین ئیسلام خاه، کە یەکەمجار لە ساڵی 2022 دەستبەسەر کراوە تەمەنی 16 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ