رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا دەکات، کە ئاراستەیان کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "تاران پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی ئاشتی 14 خاڵی ئەمریکا دەکات. دواتر بۆچوونی خۆمان دەدەینە لایەنی پاکستانی."
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو، واشنتن و تاران زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان.
نێوەڕۆکی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە
یاداشتنامە پێشنیازکراوەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپەوە دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لە:
کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگەیاندنی وەستانی شەڕ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی دانوستاندنی چڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ.
پڕۆگرامی ئەتۆمی: ئێران پابەند دەبێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (کە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە). ئەمریکا داوای 20 ساڵ و ئێران داوای 5 ساڵی کردووە.
ئازادکردنی پارە و سزاکان: ئەمریکا ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات و بە قۆناخبەندنی سزاکان لادەبات.
تەنگەی هورمز: هەردوولا کۆتوبەندەکانی سەر هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەکە لادەبەن و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەڵدەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوایین هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر تاران رەزامەندی لەسەر مەرجەکان دەرببڕێت، ئەوا گەمارۆ دەریاییە "یەکجار کاریگەرەکەی" کۆتایی دێت و رێگە دەدرێت تەنگەی هورمز بەڕووی هەموو وڵاتاندا بکرێتەوە، لەنێویاندا ئێران.
لە هەمان کاتدا، ترەمپ هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ئێران رێکنەکەون، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە و بەداخەوە ئەمجارەیان بە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە."
یەکێک لە مەرجە هەرە قورسەکانی واشنتن کە تاران رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر نیشانداوە، گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش ئەگەری هەیە رەوانەی خودی ئەمریکا بکرێت. هەروەها تاران دەبێت رێگە بە پشکنینی "لەناکاو"ی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بدات و چیدی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر زەوی بەکارنەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ