رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، پڕۆژەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز "بە تەواوی شکستی هێناوە" و هۆشداریش دەدات کە هەر سەرکێشییەکی دیکە بە "شکستێکی شەرمەزارانە" بۆ واشنتن کۆتایی دێت.
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، ئەبوولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "دووژمنەکانمان هەر جارێک هەوڵی تاقیکردنەوەی هێزی ئێمە دەدەن، شکست دەهێنن. دوا شکستیان لە 'پڕۆژەی ئازادیی گەرووی هورمز' بوو، کە بە تەواوی تێکشکا."
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا، شکارچی گوتی: "ئەگەر دووژمن جارێکی دیکە سەرکێشی بکات، بە خراپترین شێوە و بە شەرمەزارییەوە تێکیان دەشکێنین، سوپاس بۆ خوا پێشتریش ئەوەمان سەلماندووە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی نێوەندگیر، بڕیاری داوە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرێت.
ترەمپ نووسیویەتی: "پێشکەوتنی گەورە بەرەو رێککەوتنێکی باش و تەواوەتی بەدەستهاتووە. هەربۆیە رێککەوتین پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کورت رابگرین، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەزانین ئایا رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت یان نا."
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس) و (رۆیتەرز)، واشنتن و تاران لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی" نزیکبوونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان. پێشنیازەکە لێکتێگەیشتنێکی 14 خاڵییە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لای خۆیەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا دەکات و دواتر بۆچوونی خۆیان دەدەنە لایەنی پاکستانی.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووندی داوەتە تاران و دەڵێت، ئەگەر ئێران مەرجەکان قبووڵ بکات، گەمارۆ دەریاییەکان لادەبرێن، بەڵام "ئەگەر رێکنەکەون، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە و ئەمجارەیان بە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی چڕ بۆ سەر تاران دەستیپێکرد. لەو کاتەوە تاران چەندین سەرکردەی باڵای لەدەستداوە و ژێرخانی ئابوورییەکەی زیانی زۆری بەرکەوتووە. تاران لە وەڵامدا تەنگەی هورمزی داخست، واشنتنیش بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و دەستپێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان وەڵامی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ