ررووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای لێدوانەکانی مەسعوود پزشکیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی کاتیی سەرکردایەتیی ئێران، جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو شوێنانەی لەبەردەستی دوژمندان، دەکرێنە ئامانج."
ڕۆژی شەممە، 7ـی ئازاری 2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی رایگەیاند، بەگوێرەی زانیاریی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جوگرافیای هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە "بە ئاشکرا و نهێنی خراونەتە بەردەست دوژمن" و لەو شوێنانەوە هێرش کراوەتە سەر ئێران.
ئەم پەیامەی ئیژەیی لەکاتێکدایە کە چەند کاژێرێک پێشتر، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی کاتیی سەرکردایەتیی ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبووردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد و بەڵێنیدا هێرشەکان ڕابگیرێن. بەڵام ئیژەیی بە پێچەوانەی پزیشکیان دەڵێت: "هێرشی توند بۆ سەر ئەو ئامانجانە بەردەوام دەبێت و ئەمە ستراتیژیی ئێستای کۆماری ئیسلامییە."
مەسعوود پزیشکیان لە پەیامەکەیدا دانی بەوەدا نابوو لە هەفتەی ڕابردوودا و دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و سەرکردایەتیی ئێران، سوپای پاسداران هێرشی بپۆ سەر چەندین وڵاتیناوچەکە کردووە.
ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر ناوچەکە، کاردانەوەی تووندی وڵاتانی عەرەبی و کۆماری ئازەربایجانی لێکەوتووەتەوە. هەرچەندە پزشکیان هەوڵ دەدات دڵنیایی بداتە دراوسێکانی کە تەنیا لە کاتی هێرشکردن لە خاکەکەیانەوە وەڵام دەدرێنەوە، بەڵام لێدوانە نوێیەکەی ئیژەیی ئاماژەیە بە بوونی چەند هەڵوێستیی لە ئەنجوومەنی کاتیی سەرکردایەتیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ