ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری چاوەڕێی دەرفەتە بۆ کۆبوونەوە و دیاریکردنی جێگرەوەی خامنەیی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری رایدەگەیێنێت، هێشتا نەیانتوانیوە کۆببنەوە بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێ و چاوەڕێی "دەستەبەربوونی هەلومەرجێکی گونجاو" دەکەن.
 
رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026، حوسێن موزەفەری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی گشتی ئەنجام نه‌دراوە و هیچ کەسێک وەک رێبەر هەڵنەبژێردراوە." دەشڵێت، "هیواخوازین لە 24 کاژێری داهاتوودا بتوانین کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە بکەین."
 
موزەفەری داوای دانبەخۆداگرتن دەکات و دەڵێت، "نوێنەرانی خەڵک لە ئەنجوومەنی شارەزایان وەکو ئێوە تامەزرۆیانە چاوەڕێن هەلی گونجاو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و هەڵبژاردنی رێبەری نوێ بڕەخسێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری نەیتوانیوە کۆبوونەوەی گشتی بکات و هیچ هەڵبژاردنێک بکات.
 
موزەفەری داوا دەکات گوێ بە هەواڵی ناڕاست و دەنگۆی هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ نەدرێت، لەجیاتی ئەوە دەست بکەن بە نزا لە بەرامبەر خوا و بارەگای پیرۆزی ئیمامی زەمان و حەزرەتی سەددیقەی کوبرا، تاوەکو ئەنجوومەنی شارەزایان بتوانێت کۆببێتەوە و "لەنێوان کەسانی شیاو، باشترین و شیاوترینیان بۆ ئەم پۆستە یەکجار گرنگ و خواییە هەڵبژێرێت."
 
پەککەوتنی کۆبوونەوەکانی ئەم ئەنجوومەنە لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی تاران بۆردوومان دەکەن. هەفتەی رابردوو باڵەخانەی پێشووی پەرلەمان لە تاران، کە شوێنی کۆبوونەوەی شارەزایانی رێبەری بوو، لەگەڵ باڵەخانەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنەکە لە شاری قوم، بۆردوومان کران.
 
هەرچەندە سەرەتا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، باڵەخانەکان چۆڵ بوون، بەڵام بڵاوبوونەوەی وێنەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی سکرتارییەتەکە، قەبارەی زیانە مرۆییەکانی ئاشکرا کرد.
 
ئێستا ئێران لەنێوان هەڕەشە سەربازییەکانی دەرەوە و بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات لە ناوخۆدا، چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات کە چارەنووسی کورسیی رێبەرییەکەی تێدا یەکلاببێتەوە.
 
بەپێی ماددەی 107ی دەستووری ئێران؛ ئەرکی هەڵبژاردنی رێبەر لە ئەستۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە.
 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 ئەندام پێکهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی رێبەر، پێویستە لانیکەم 59 ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بن و لە دانیشتنەکەشدا هەر کەسێک توانیی دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووانی دانیشتنەکەی ئەنجوومەن بەدەستبهێنێت، دەبێتە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە 47 ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، یەکەمین جارە پۆستی رێبەری باڵای ئێران کە بەپێی دەستوور خاوەن دەسەڵاتی رەهای سیاسی و ئایینییە، بەتاڵ ماوەتەوە.
 
بەهۆی هێرشەکانی سەر بارەگای سەرەکی و نووسینگەی قومی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی هەفتەی رابردوو و هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنەکە کۆنەبووەتەوە.
 
کاتێک لە 03-06-1989 ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەر و یەکەمین رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆچی دواییکرد، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا عەلی خامنەیی لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری وەکو دووەمین رێبەری باڵا هەڵبژێردرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە