رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگاکانی باشوور، ناوەند و باکووری ئێران دەڵێن، چەندین شار و شارۆچکەی پارێزگاکانی خووزستان، هورمزگان و بووشەهر لە باشووری ئێران؛ پارێزگاکانی ئەسفەهان و قوم لە ناوەندی ئێران؛ پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز و زەنجان لە باکوور و تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێران کراونەتە ئامانج.
لە کاژێر 14:00 هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر تارانی پایتەختی ئێران، بەتایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای تاران. لە شاری رەی لە ناوەندی پارێزگای تاران، پردی "سورخەحەسار" کرایە ئامانج کە هێڵی شەمەندەفەری بەسەردا تێدەپەڕێت. هەروەها لە ناوچەیەکی شاری شەهریاری سەر بە پارێزگای تاران، هێرشێک ئەنجامدرا؛ بەگوتەی مانگی سووری ئێران، زیاتر لە 9 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.
کاژێر 13:30 لە پارێزگای زەنجان، پردی شەمەندەفەری نێوان شارەکانی زەنجان - میانە لە دووریی 335 کیلۆمەتر لە تاران کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە هێڵی شەمەندەفەری تەورێز - تاران پەکی کەوت.
کاژێر 14:10 هێڵی ئاسنینی کەرەج لە پارێزگای ئەلبورز پێکرا؛ بەهۆی هێرشەکانی سەر ئەو پارێزگایە، کارەبای رۆژهەڵاتی شاری کەرەج و کارەبای شاری پەردیس پچڕا. هەروەها لە کاژێر 14:00 هێرش کرایە سەر پردێکی سەرەکیی ئۆتۆبانی تەورێز - تاران کە پارێزگای تەورێز بە زەنجان، ئەلبورز و تاران دەبەستێتەوە.
لە شاری کاشانی پارێزگای ئەسفەهان، پردی هێڵی ئاسنینی "یەحیائاباد" کرایە ئامانج؛ بەرپرسانی شارەکە دەڵێن بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3ی دیکەش بریندار بوون.
لە کاژێر 12:20ـەوە تاوەکو نزیک دوانیوەڕۆ، چەندین جار هێرش کراوەتە سەر دوورگەی خارگی پارێزگای بووشەهر. هاوکات لە کاژێر 13:00 چەندین شوێن لە شارەکانی ئەهواز، خوڕەمشار، دێزفوول و دوورگەی مینۆی پارێزگای خووزستان کرانە ئامانج.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەو پارێزگایە زیانەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام پارێزگاری خووزستان دڵنیایی داوە کە هێرش نەکراوەتە سەر پردی ئەهواز کە هەردوو دیوی شارەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.
لە پارێزگای قوم، کاژێر 13:10 هێرش کرایە سەر پردێکی سەرەکی کە رۆژئاوای پارێزگاکە بە ناوەندی شارەکەوە دەبەستێتەوە. هەر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگی دەیان تەقینەوە لە شاری بەندەرعەباسی پارێزگای هورمزگان بیسترا؛ بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند هێرشەکان بێ زیان بوون و جێگەی نیگەرانی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ