رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران بڵاویانکردەوە، چەند ناوچەیەک لە تاران و ئیسفەهان رووبەڕووی هێرشێکی چڕی ئاسمانی بوونەتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێت.
رۆژی سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، میدیای ئێران رایانگەیاند، جارێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەی جیاواز لە تاران بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئامانجی هێرشەکان پیشەسازییە سەربازییەکانە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر تاران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چەند شوێنی جیاوازی ئیسفەهان (زەڕین شار، شاهین شار، سپاهان و لەنجان) بیستران.
ئەوە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگاکانی باشوور، ناوەند و باکووری ئێران رایانگەیاند، چەندین شار و شارۆچکەی پارێزگاکانی خووزستان، هورمزگان و بووشەهر لە باشووری ئێران؛ پارێزگاکانی ئەسفەهان و قوم لە ناوەندی ئێران؛ پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز و زەنجان لە باکوور و تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێران کراونەتە ئامانج و هێرش کراوەتە سەر پرد و هێڵی ئاسنینی ئەو 9 پارێزگای ئێران.
لە 28ـی شوباتی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. تاران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، چەندین وڵاتی کەنداوی بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە هێزەکانی ئەمریکا خاکی ئەو وڵاتانە بۆ لێدانی ئێران بەکاردەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ