رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری ئەسفەهان، چوار ئەفسەری باڵای هێزی زەوینی، کە یەکێکیان پلەی عەمید بووە، کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئێران، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە کاتی هێرشی چەندین فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و درۆن بۆ سەر پارێزگای ئەسفەهان، چوار ئەفسەری سوپا لە ناوچەی "مەهیار" لە باشووری ئەسفەهان رووبەڕوویان بوونەتەوە و کوژراون.
سوپای ئێران دەڵێت، ئەو ئەفسەرانە ئەندامی گرووپەکانی "بەرگریی ئاسمانیی پەرچەکرداری خێرا" بوون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی ئەفسەرەکان توانیویانە بە مووشەکێکی شانهاوێژ فڕۆکەیەک بپێکن، لەلایەن فڕۆکە و درۆنەکانی دیکەی پشتیوانیی دووژمنەوە کراونەتە ئامانج."
ناونیشان و پلەی ئەو ئەفسەرانەی لە هێرشەکەدا کوژراون:
- عەمید مەسعوود زارع: فەرماندەی کۆلێژی بەرگریی ئاسمانی لە ناوەندی مەشقی تۆپخانە و مووشەکی هێزی زەوینیی
- عەقید سەید سەعید مووسەوی.
- موقەدەم موعین حەیدەری.
- نەقیب میلات سالاروەند.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە، لە ماوەی جەنگەکەدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ