رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) هۆشداری دا لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە ئێران بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لەو وڵاتەدا.
ئۆچا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، لە نێوان 17ی ئادار تاوەکو 3ی نیسان، دۆخی مرۆیی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، چونکە ئاگری شەڕ زۆربەی ناوچەکانی گرتووەتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، هێرشە ئاسمانییەکان پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، خوزستان، فارس، مەرکەزی، یەزد، بووشەهر، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، ورمێ، سنە، لوڕستان، ئیلام و کرماشانیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی داتاکانی ئۆچا، تەنیا لە یەک مانگدا (لە 28ی شوبات تاوەکو 30ی ئادار)، زیاتر لە دوو هەزار و 100 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها باس لەوە کراوە کە سێ ملیۆن و 800 هەزار کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆچا پاڵپشت بە زانیارییەکانی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 115 ژێرخانی مەدەنی و 763 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە جەختی کردووەتەوە کە "ژمارەی قوربانییانی مەدەنی بە خێرایی روو لە هەڵکشانە"، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشەکان فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە، ناوچە نیشتەجێبووەکان، بازاڕ، کارگە پیشەسازییەکان و شوێنەوارە مێژووییەکانیان لە زۆربەی پارێزگاکان کردوەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ