پزیشکیان: نابێ بە ئاسانی خەڵک بە خیانەت و سیخوڕی تۆمەتبار بکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بەم دواییانە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەتەوە و دیدارەکەی نێوانیان نزیکەی دوو کاژێر و نیو خایاندووە. دەشڵێت، "لەم بارودۆخە هەستیارەدا پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی لە هەموو شتێک گرنگترە و نابێت بە ئاسانی تۆمەتی خیانەت و سیخوڕی بدەینە پاڵ خەڵک."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ خاوەن پیشەکان و کاسبکارانی تاران کۆبووەوە و رایگەیاند، بەم دواییانە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەتەوە و باس لەوە دەکات، "دیدارەکە لە کەشێکی زۆر دۆستانەدا بەڕێوەچووە و ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوە، ئەو خاکەڕایی و میهرەبانییە بووە کە موجتەبا خامنەیی لە دیدارەکەدا پێشانی داوە."
 
پزیشکیان لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئێمە چووینە خزمەت ریبەری ئازیز، نزیکەی دوو کاژێر بۆ دوو کاژێر و نیو گفتوگۆمان لەگەڵ کرد. سەرەتا دەمەوێ پێتان بڵیم، تێڕوانین و جۆری هەڵسوکەوتی ئەو، بەڕاستی مرۆڤێک بوو گەرموگوڕ و خاکەڕا، رێبەرێک هەڵسوکەوتێکی ئاوات لەگەڵ بکات. لەڕاستیدا ئەو بەم شێوەیە بوو."
 
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە شێوازی هەڵسوکەوتی موجتەبا خامنەیی و ئەو کەشە پڕ لە متمانەیەی لە دیدارەکەدا هەبووە، دەکرێت ببێتە نموونە بۆ تەواوی سیستەمی ئیداری و بەڕێوەبردنی وڵات تاوەکو لە خەڵک نزیک ببنەوە و بەڕاستی گوێ لە کێشەکانیان بگرن.
 
"نابێ بە ئاسانی خەڵک بە سیخوڕی و خیانەت تۆمەتبار بکرێن"
 
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نیشتمانی بۆ تێپەربوون لە قەیرانەکان کردەوە و گوتی: "ئەگەرچی رەخنە و گلەیی زۆر هەن، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا پاراستنی یەکگرتوویی و رێگریکردن لە درز و کەلێنی ناوخۆیی، لە هەر جیاوازی و رەخنەیەک گرنگترە، چونکە دوژمنان تەرکیزیان خستووەتە سەر دروستکردنی ناکۆکی و دوبەرەکیی ناوخۆیی لە ئێران."
 
مەسعود پزیشکیان گوتی: "رەنگە من قسەی زۆرم هەبێت، بەڵام یەکێتی و یەکڕیزی بە گرنگتر لە هەموو شتێک دەزانم. ئێمە ئەگەر تاوەکو ئێستا ماوین، بەهۆی یەکێتی و یەکڕیزیمان بووە. من لەسەر ئەو بڕوایەم، هەموو ئەو کەسانەی لەو وڵاتەدا دەژین، مافی یەکسانیان هەیە، کورد، تورک، لوڕ، بەلووچ، عەرەب، عەجەم و فارس و گیلەک."
 
پزیشکیان رەخنەی لە جەمسەرگیرییە کۆمەڵایەتییەکان و تۆمەتبارکردنی خەڵک بە خیانەت و سیخوڕی گرت و رایگەیاند: "نابێت بە ئاسانی کەسەکان بە گەندەڵی، خیانەت یان سیخوڕی تۆمەتبار بکرێن و سنووری دەستکرد لە نێوان توێژەکاندا دروست بکرێت." باسی لەوەش کرد کە ئێستا زۆر کەس هەن بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە ئێران دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر رەنگە رووبەڕووی هەندێک سنووردارکردن بووبێتنەوە.
 
پزیشکیان دەڵێت، ئەو کەسانەی ئێستا بۆ بەرگری لە نیشتمان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، هەمان ئەو کەسانەن کە پێشتر دەمانویست سزایان بدەین، وەکو ئاماژەیەک بۆ پرسی باڵاپۆشی و ئەو کچ و ژنانەی بەبێ لەچک لە گردبوونەوەکانی پشتگیری حکومەتدا بەشداری دەکەن.
 
پزیشکیان جەخت لەوە دەکاتەوە، دوو رێگەیان لەبەردەمدایە و دەلێت، "یان دەبێت لەگەڵ گەلدا بین و هەموو را و بۆچوونە جیاوازەکان قبوڵ بکەین تا بتوانین بەرگری بکەین، یان دەبێت تەسلیمی دوژمن ببین و سەرشۆڕی قبوڵ بکەین."
 
ئابووری و گوشارە دەرەکییەکان
 
سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران دوای جەنگی 40 رۆژە، پزیشکیان رایگەیاند، "ئێران لە ژێر گوشاری بەردەوامی ئەمریکادایە و رێگەیەکی سەختی لەپێشە، بەڵام تەسلیمی گوشار و پیلانگێرییە دەرەکییەکان نابێت."
 
پزیشکیان رەخنەی لە هەڵوێستی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا گرت و گوتی: "بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاشکرا باس لە چڕکردنەوەی گوشاری ئابووری بۆ سەر گەلی ئێران دەکەن، بە ئامانجی دروستکردنی ناڕەزایی، لە کاتێکدا ئەو کەسانە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤیش دەکەن."
 
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەرکێکی سەرەکیی حکومەتەکەی چاکسازیی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت. ئاماژە بەوەش دەکات، "بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدەین ژێرخانە پێویستەکان ئامادە بکەین، لەوانەش ئامادەکردنی ژێرخانی دەروازە سنوورییەکان و هەڵگرتنی کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنی بەرهەمە نانەوتییەکان."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخەکانم؛ رێگە بە قۆرخکاری نادەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دان بە گرانبوونی کاڵاکان لە بازاڕەکانی وڵاتەکەیدا دەنێت و رایدەگەیێنێت، "ئاگادارم نرخەکان بەرزبوونەتەوە،" هۆشداریش دەداتە قۆرخکاران و دەڵێت: "گرانفرۆشی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."