رووداو- دیجیتاڵ
لە ناوەندی خوێنبەخشینی تاران، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئێران کۆبوونەتەوە بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارانی زنجیرە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەم هەنگاوە مرۆییە لە کاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر شار و ناوچەکانی بەردەوامن و ژمارەی بریندارەکان لە هەڵکشاندایە.
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، سەدان هاووڵاتی لە ناوەندی سەرەکیی خوێنبەخشین لە تاران ریزیان بەستووە. ئەم دیمەنە، هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی ئێران بۆ یەکدی لەم دۆخە سەختەدا نیشان دەدات.
وەزارەتی تەندروستی و مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنن، زیاتر لە 10 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 1221 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نێوان 9 بۆ 10 هەزار کەس.
ئاماژەی بەوەش داوە کە تەنیا لەنێو بریندارەکاندا، 700 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18ساڵەوەیە.