قالیباف: ئەمریکا 3 خاڵی سەرەکیی رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا تەنانەت پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، سێ خاڵی سەرەکیی رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە، بۆیە لەم بارودۆخەدا بەردەوامیی ئاگربەست یان ئەنجامدانی دانوستان بە ناژیرانە دەبینێت.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژمارى خۆى لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانی وەک "بنەمایەکی کارپێکراو بۆ دانوستان" وەسف کردووە، بەڵام واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە. قالیباف جەختی کردەوە کە بێ متمانەیی مێژوویی ئێران بەرامبەر ئەمریکا بەهۆی ئەم جۆرە رەفتارانەوەیە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی قالیباف، ئەو سێ خاڵەی کە ئەمریکا پێشێلی کردوون بریتین لە:
 
پابەندنەبوون بە ئاگربەست لە لوبنان: لە کاتێکدا شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیر رایگەیاندبوو کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل (بە پشتیوانیی ئەمریکا) بەردەوامە لە هێرشەکانی.
 
بەزاندنی ئاسمانی ئێران: قالیباف ئاشکرای کرد کە درۆنێکی سیخوڕی چووەتە نێو ئاسمانی ئێران و لە شاری "لار" لە پارێزگای فارس تێکشکێندراوە، ئەمەش پێشێلکردنی روونی مەرجی قەدەخەکردنی بەزاندنی ئاسمانە.
 
رەتکردنەوەی مافی پیتاندن: ئەمریکا مافی ئێرانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم رەتکردووەتەوە، کە خاڵی شەشەمی چوارچێوەی رێککەوتنەکە بووە.
 
ئەم پەرەسەندنە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە کۆشکی سپی بە فەرمی رایگەیاند ئەو پلانە 10 خاڵییەی میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، هەمان ئەو رێککەوتنە نییە کە واشنتن رەزامەندیی لەسەر داوە. 
 
تاران داوای بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی کردبوو، بەڵام واشنتن جەخت لە راماڵینی پاشماوە ئەتۆمییەکان دەکاتەوە، هەروەها رایگەیاندبوو کە بەڕێوبردنى تەنگەکە پێویستە بە هاوبەشى هەردوولا بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێپەڕینی چەند کەشتییەک بە تەنگەی هورمز

ئێران بۆ تێپەڕبوونى هەر بەرمیلێک نەوت لە هورمز داواى 1 دۆلار دەکات

ئێران بە نیازە لە ماوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا، باج بخاتە سەر ئەو کەشتییانەی لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕن و داوا دەکات بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بڕی یەک دۆلار بە دراوی دیجیتاڵی بدەن.