رووداو دیجیتاڵ
بەپێی میدیای ئێران مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا پرسی ئاگربەست و دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، پزیشکیان رایگەیاند، کە ئاگربەست لە لوبنان مەرجێکی سەرەکیی نەخشەڕێگەی وڵاتەکەی بووە.
مەسعود پزیشکیان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لە ویستی کۆماری ئیسلامی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە و رایگەیاند: "قبووڵکردنی ئاگربەست لەلایەن ئێرانەوە نیشانەیەکی روونی بەرپرسیارێتیی و ئیرادەی جیدی تارانە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە."
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە چەسپاندنی ئاگربەست لە لوبنان، یەکێک بووە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئەو "نەخشەڕێگە 10 خاڵییە"ـی کە ئێران پێشتر پێشنیازی کردبوو، هاوکات داوای لە فەرەنسا کرد وەک لایەنێکی گەرەنتیکەر، رۆڵی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بگێڕێت.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز، پزیشکیان رایگەیاند: "ئەو ناسەقامگیرییەی بەسەر تەنگەی هورمزدا سەپێنراوە، دەرەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستییە بۆ سەر ئێران." جەختیشی کردەوە کە ئێران وەک هەمیشە ئامادەیە ئاسایشی گەشتە دەریاییەکان لەو رێڕەوە گرنگەدا بپارێزێت، بەو مەرجەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران پارێزراو بن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی فەرەنسی و راگەیاندنی ئاگربەستەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.
ماکرۆن جەختی لە پێویستی راگرتنی شەڕ لە لوبنان کردەوە و ئامادەیی پاریسی نیشاندا بۆ هاوکاری لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ