رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست هەڵوێستیان ئاشکرا کرد و رایانگەیاند، دوای 40 رۆژ لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ناچار بوون مەرجەکانی تاران قبووڵ بکەن و پاشەکشە بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، دوای جەنگێکی 12 رۆژەی سەپێنراو لە حوزەیرانی 2025 و شکستهێنانی "فیتنەی ئەمریکی-زایۆنی" لە کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا، دوژمنان لە 28ـی شوباتی 2026 هێرشێکی دیکەیان دەستپێکرد کە بووە هۆی "شەهیدبوونی رێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە فەرماندەکان و هاووڵاتییان"، بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستبەجێ وەڵامێکی کوشندەیان دانەوە، بە شێوەیەک کە لە چاوەڕوانی دوژمنان دا نەبوو."
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران (سوپا، سوپای پاسداران، هێزە ئەمنییەکان و بەسیج) بە پاڵپشتی گەل، کۆنترۆڵی مەیدانی جەنگیان لەدەست دوژمن دەرهێنا و زیانی زۆری گیانی و ژێرخانییان لێ داون. باس لەوەش کراوە کە "هێرشە بروسک ئاساکان" بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ناوەندە هەستیار و سەربازییەکانی ئیسرائیلیان لە نێو خاکە داگیرکراوەکان کردووەتە ئامانج..
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کوڕانی ئازای گەل لە هێزە چەکدارەکاندا سەلماندیان کە ئێرانی بەهێز دەتوانێت هەر دوژمنێک لە هەر ئاستێکدا بێت، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بە تووندی سەرکوت بکات و ناچاری خۆبەدەستەوەدان و پاشەکشەی بکات." هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم جەنگە نیشانی دا "تێچووی خۆڕاگری لە بەرامبەر زلهێزەکان، زۆر کەمترە لە تێچووی سازشکردن."
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بارەگای خاتەمولئەنبیا دەشڵێن، کە هێرشە یەک لە دوای یەکەکان، "پەردەی دەسەڵاتی دەستکردی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لادا" و لاوازیی ئەوانی لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی ئێراندا دەرخست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ