رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی سوپای ئەمریکا بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی لە تەنگەی هورمز بە "پێشێلکردنی زەقی ئاگربەست" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، کاتێک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی تێیدا وەڵامی پێشنیازەکەی واشنتن بدەنەوە.
رۆژی هەینی، 8ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەو کارەی سوپای ئەمریکا ئەنجامی داوە (هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئێران)، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی ئاگربەستە."
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک بەندەری جاسکی و تەنگەی هورمز، هاوکات چەند شوێنێکی دیکەشی لە کەناراوەکانی تەنیشت تەنگەکە کردە ئامانج. ئەمڕۆش فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، هێزە ئاسمانییەکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە دەریای عوممان پەکخستووە.
بەقایی گوتی، "ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکییەکان ئاگربەست پێشێل دەکەن. بێگومان بەرگریکارانی وڵاتیش وەڵامێکی تووندی ئەو دەستدرێژییەیان داوەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، وڵاتەکەی لە دۆخی ئاگربەستدایە، بەڵام هێزە چەکدارەکانی لە ئامادەیی تەواودان و "بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و بە بڕیارەوە وەڵامی هەر شەڕەنگێزییەک دەدەنەوە."
سەبارەت بەو پێشنیازەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێشکەشی ئێرانی کردووە و ئەو مۆڵەتەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی وەڵام بدرێتەوە، بەقایی گوتی، "ئەم بابەتە هێشتا لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و هەر کاتێک گەیشتینە ئەنجام، رایدەگەیەنین."
لەبارەی دیاریکردنی دوایین مۆڵەت لەلایەن واشنتنەوە بۆ وەرگرتنی وەڵام، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سەرقاڵی لێکدانەوەی خۆمانین و کارەکانی خۆمان دەکەین، بایەخ بەو مۆڵەت و کاتانە نادەین کە ئەوان دیارییان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ