رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران دەڵێ، هێزە دەریاییەکانیان وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە کە سوپای ئەمریکا بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان ئەنجامی دابوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا دۆخی تەنگەی هورمز ئارامە، بەڵام هێزەکانیان لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێک.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران بە ئاژانسی (تەسنیم)ـی وڵاتەکەی راگەیاند: "دوای کردە شەڕەنگێزییەکانی تیرۆریستانی ئەمریکا بۆسەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران، هێزە دەریاییەکانمان وەڵامی ئەو پێشێلکارییەی ئاگربەست و تیرۆریزمی ئەمریکایان دایەوە."
ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ماوەیەک لە تەقە لە نێوان هەردوولا، لەم کاتەدا پێکدادانەکان وەستاون و دۆخەکە بەرەو ئارامی چووە؛ گوتیشی: "ئێستا دۆخەکە ئارامە و شەڕ وەستاوە."
سەرچاوە ئێرانییەکە هۆشدارییەکی تووند دەداتە واشنتن و دەڵێ: "ئەگەر ئەمریکییەکان جارێکی دیکە بە مەبەستی دروستکردنی کێشە بۆ کەشتییەکانی ئێران بیانەوێ بێنە کەنداوی فارس، وەڵامێکی زۆر یەکلاییکەرەوە و تووندیان دەدرێتەوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ و پێکدادانی نوێ لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بن لەو جووڵانەی کە تاران بە "شەڕەنگێزی" ناویان دەبات.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، هێزە ئاسمانییەکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە دەریای عوممان پەکخستووە.
شەوی رابردووش سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک بەندەری جاسکی و تەنگەی هورمز، هاوکات چەند شوێنێکی دیکەشی لە کەناراوەکانی تەنیشت تەنگەکە کردە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ