گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران: بە مەرجەکانی ئێمە ئاگربەست قبووڵکرا

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئێران ناوزەد دەکات و دەڵێت، بەوپەری هێزەوە ئەمریکایان ناچار کردووە مەرجەکانی تاران و گەڵاڵە 10 خاڵییەکەی ئێران قبووڵ بکات. بەڵام دەشڵێت: "هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکا و ترەمپ نییە."
 
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ئاماژە بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان کرد و رایگەیاند: "هەرچەندە ئێمە هێشتا لە جەنگداین، بەڵام گەیشتن بەم ئاگربەستە کاتییە لەم قۆناخەدا سەرکەوتنە، چونکە دووژمنمان ناچار کرد بە مەرجەکانی ئێمە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران لەبارەی پێشێلکردنی ئاگربەست هۆشداری دەدات و ئاماژەوە بەوە دەکات، ئەوان بە تەواوی هۆشیارن و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە. ئەکرەمی نیا دەڵێت: "هیچ متمانەیەکمان بە دوژمن نییە. ئەمریکییەکان و بەتایبەت ترەمپ سەلماندوویانە کە بە هیچ جۆرێک جێگەی متمانە نین؛ بۆیە دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانین."
 
ئەکرەمی نیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەم جەنگەدا پێگەی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاواز بووە و نەیتوانیوە هیچ پاساوێکی لۆژیکی بۆ هاتنە ناو ئەم جەنگە بێنێتەوە.
 
درۆنی "ئارەش-2"؛ چەکی نوێی ئێران لە جەنگەدا
 
بۆ یەکەمجار، ئەرتەشی ئێران لەم جەنگەدا درۆنی "ئارەش-2"ی بەکارهێنا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران دەڵێت: "لەو جەنگەدا درۆنی ئارەش-2مان بەکارهێنا کە دەتوانێت بە مەودای 2000 کیلۆمەتر بفرێت و بە وردی ئامانجەکان بپێکێت. ئەم درۆنە بە جۆرێک دروستکراوە کە دۆزینەوەی لەلایەن رادارەکانەوە زۆر قورسە و توانایەکی وێرانکەری زۆری هەیە."
 
هەروەها جەختی کردەوە کە لە جەنگەکەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران توانیویانە لانیکەم نموونەیەک لە هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی ئەمریکا و ئیسرائیل بخەنە خوارەوە، سیستەمە راداری و بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە سەرکەوتوویی تاقی بکەنەوە.
 
 
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە سەربازییانە، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان رایگەیاند، ئەمشەو شاندێکی باڵای ئێران لەسەر بانگهێشتی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەگاتە ئیسلام ئاباد.
 
باڵیۆزی ئێران دەڵێت، هەرچەندە رای گشتیی ئێران بەهۆی "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست" گومانیان لەم پرۆسەیە هەیە، بەڵام شاندەکە بۆ گفتوگۆی جیدی لەسەر بنەمای پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ چارەسەری ململانییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سەردانی پاکستان دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە