شارەوانیی تاران: لە 40 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 38 هەزار بینا زیانیان بەرکەوتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی تاران قەبارەی زیانەکانی جەنگ لە پایتەختی ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 40 رۆژدا زیاتر لە 38 هەزار بینا زیانیان بەرکەوتووە و زۆرتر لە پێنج هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، شارەوانیی تاران لە راگەیێندراوێکدا ئاماری زیانەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی پێکدادانەکانەوە تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 456 بینا لە تاران زیانیان پێگەیشتووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی شارەوانیی تاران، لەو ماوەیەدا پێنج هەزار و 880 کەس (کە دەکاتە 1,829 خێزان) بەهۆی رووخانی ماڵەکانیان یان زیانپێکەوتنیان لە ئەنجامی بۆردوومانەکان، لە 39 شوێنی تایبەت کە شارەوانی دابینی کردووە، جێگیرکراون.
 
شارەوانیی تاران ئاشکراشی کردووە کە لە ماوەی ئەو 40 رۆژەی جەنگدا، هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە 548 شوێنی جیاواز لە نێو پایتەختی ئێراندا.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-4-2026، دوای 40 رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە