ئێران
فڕۆکەیەکی F-15E Strike Eagleـی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، لە شوێنێکی ئاشکرانەکراو، بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانئاسا" لە کاتی جەنگی ئێراندا بەرز دەبێتەوە، 9ـی ئازاری 2026. وێنە: هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکان لە تاران و چەند شاری دیکەی ئێران دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10-04-2026، لە تاران، تەورێز، بەندەرعەباس و کەرەجی ئێران دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان دوێنێ ئێوارەش دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە بەندەرعەباسی پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران بیستراوە و دواتر لە چەند ناوچەیەک تەقینەوەی بەهێز روویداوە.
هاوکات مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکەی لە ئەنجامی فڕینی درۆنێکی سیخوڕیی ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە.
کاژێر 22:00ـی دوێنێ شەو دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە تەورێز بیسترا. بەگوتەی مالیک رەحمەتی، ئەو دەنگانە تەنیا پەیوەندییان بە چالاکبوونی بەرگرییە ئاسمانییەکەوە هەبووە، بەڵام ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە کاژێر 22:00 ـی دوێنێ شەو تاوەکو کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لانیکەم پێنج تەقینەوەی بەهێز روویانداوە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە لە ناوچەکانی عەباسئاباد، ناوەند و باکووری رۆژهەڵاتی تارانیش کارا کراوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز و بیستراوە.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان، کاژێر 21:00ـی دوێنێ شەو چەندین تەقینەوە لە رۆژئاوای تاران و ناوچەی سەیدخەندان روویانداوە.
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا تاوەکو لەرێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ