رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کەشتییە ئەمریکییەکان دەتوانن بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن بەو مەرجەی "رەفتاری دووژمنکارانەیان نەبێت."
ئەمڕۆ هەینی، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "تەنگەی هورمز کراوەیە، بەڵام پێویستە کەشتییەکان بەهۆی سنووردارکردنی تەکنیکییەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران بکەن."
خەتیبزادە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان لە رێگەی ئەو کەناڵە ئەمنییانەی لە تەنگەکەدا هەیانە، تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان دابین دەکەن.
ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی 2 هەفتەیی نێوان تاران و واشنتن، تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی لە تاران گرت و لە ترووس سۆشیال نووسی: "ئێران لە رێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوت بە تەنگەی هورمزدا زۆر لاواز رەفتار دەکات، هەندێک تەنانەت دەڵێن بێشەرمانەیە. ئەمە ئەو شتە نییە کە لەسەری رێککەوتبووین!".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ