رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران دەڵێ، هێزەکانیان بەوپەڕی هۆشیارییەوە چاودێریی سنوورەکانی وڵات دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سنوورەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندان.
ئەمڕۆ هەینی، 10ی نیسانی 2026 عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران گوتی، هێزەکانی پاسەوانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پارێزەری خاکی وڵاتن و "کۆنترۆڵی تەواوی سنوورەکان لەدەست هێزەکانماندایە".
جاویدان گوتی: "هێزەکانمان بە وردی و هۆشیارییەکی تەواوەوە چاودێریی هەموو سنوورەکان دەکەن."
بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران، ئێستا ئاسایش لە سەرجەم سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە و هیچ گرژی و کێشەیەکی ئەمنی نییە.
ئەم لێدوانانەی فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران لەکاتێکدایە، لە جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی پێگەکانی پاسەوانی سنوور و بنکە سەربازییەکانی ئێرانیان لە هێڵە سنوورییەکان بۆردوومان کرد.
دوای 40 رۆژ شەڕ و بۆردوومان، بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
بڕیارە رۆژی شەممە، 11ی نیسان شاندی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەست بە دانوستاندن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ