رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "گفتوگۆ و دانوستاندن بە واتای خۆبەدەستەوەدان نایەت، بەڵکو ئامانج لێی وەرگرتنی مافی خەڵکی ئێرانە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەرگیز لە بەرامبەر دووژمن سەردانانەوێنین."
مەسعود پزیشکیان دەڵێ: "ئەگەر باس لە گفتوگۆ و دانوستاندن دەکرێ، ئەمە بە واتای خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو ئامانج لێی وەرگرتنی مافی خەڵکی ئێران و بەرگرییەکی بەهێز لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە."
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، هەواڵی ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز بڵاوبووەتەوە. ئەم هەڵوێستەی پزیشکیان هەروەها وەڵامێکە بۆ ئەو کەس و لایەنە نێوخۆییانەی ئێران کە هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا بە پاشەکشە دەزانن. پزیشکیان هەوڵ دەدات دیپلۆماسی وەک بەشێک لە «بەرگرییەکی ژیرانە» نیشان بدات.
میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، ئەم ئێوارەیە ئێران لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای بۆ دانوستاندن دایەوە و دەشڵێت، لەم قۆناخەدا لەبارەی راگرتنی جەنگ دانوستاندن دەکرێ.
لەبارەی نێوەڕۆکی وەڵامەکەی تاران، میدیای حکومەت رایگەیاند، بەگوێرەی پرۆژە پێشنیازکراوەکە، لەم قۆناخەدا دانوستاندنەکان لەسەر پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکە چڕدەبنەوە و لەم قۆناخەدا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناکرێ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر چەندین جار رایگەیاندووە، وەستانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دەستپێرانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم، تەوەری سەرەکی رێککەوتنی تاران و واشنتن دەبێت.
ترەمپ پێشتر گوتبووی، چاوەڕێی وەڵامی ئێرانە بۆ نوێترین پێشنیازی واشنتن بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی ئاشتی.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە. واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ