رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ نیوەڕۆ بە کاتی تاران لە شاری بەندەرعەباس و دوورگەکانی کیش، ئەبووموسا و قیشم لە پارێزگای هورمزگان و شارەکانی بووشێهر و چوغادەک لە پارێزگای بووشێهر دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، نزیک لە سوپای پاسداران رایگەیاند، دەنگی پێنج تەقینەوەی گەورە لە رۆژئاوای شاری بەندەرعەباس بیستراوە. ئاژانسەکە هەروەها دەڵێت، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەکانی کیش، قیشم و ئەبووموسا-ش بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتراست نەکراوەتەوە.
پارێزگاری هورمزگان لە راگەیێندراوێکدا پشتراستی کردووەتەوە کە هێرش کراوەتەوە سەر چەند شوێنێک لەو پارێزگایە، بەڵام وردەکارییەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، چەند شوێنێک لە پارێزگای بووشێهر کراونەتە ئامانج.
ئیحسان جیهانیان، جێگری پارێزگاری بووشێهر بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، چوار شوێن لە پارێزگاکە بۆردوومان کران.
جیهانیان گوتی: "لە بەردەوامیی پێشێلکردنی ئاگربەست و لێکتێگەیشتن لە لایەن دوژمنی ئەمریکییەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شوێن لە شاری بووشێهر بەر هێرشی مووشەکی دوژمن کەوتن. ئەم هێرشانە لە ناوچە جیاجیاکانی شاری بووشێهر روویان داوە. بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتایییەکان، تاوەکو ئێستا هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
ئەم هێرشانەی سەر ئێران لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، بۆ سێیەمین شەو لەسەر یەک، هێرشیان کردووەتەوە سەر کۆمەڵێک ئامانجی سەربازی لە نێو خاکی ئێران.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و مەرکەزی لە نێوەراستی ئێران و پارێزگاکانی هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان لە باشوور، باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.



