رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، بانگەشەی فەرماندەی سێنتکۆم سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کەشتییە ئەمریکییەکان لە تەنگەی هورمز رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەکە لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە.
رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: "بانگەشەی فەرماندەی سێنتکۆم سەبارەت بە نزیکبوونەوە و هاتنە ناوەوەی کەشتییە ئەمریکییەکان بۆ ناو تەنگەی هورمز، بە تووندی رەتدەکەینەوە."
ئیبراهیم زولفەقاری، جەختی لەوە کردەوە، دەستپێشخەری بۆ هاتووچۆی هەر کەشتییەک لەو رێڕۆیەدا، تەنیا لە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و ئەوان بڕیار لەسەر چۆنیەتیی هاتووچۆی کەشتییەکان دەدەن.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدان کە پێشتر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو کە کەشتییە جەنگییەکانیان لە تەنگەی هورمز نزیک بوونەتەوە.
ئەم گرژییە زارەکییە هاوکاتی دانوستاندنە سیاسییەکانی نێوان تاران و واشنتنە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان جەنگی نێوانیان کە بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری بازرگانیی وزە لە تەنگەی هورمزدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ