رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی هاوبەش لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی لە رێگەی فرۆشتنی "80 ملیۆن بەرمیل نەوتی نێو کەشتییەکان"ەوە لە دەریای عومان، نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری دەستکەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران دەتوانێت لە وەرگرتنی باجی سەر تەنگەی هورمزیش داهاتی هەبێ.
نادرقولی ئیبراهیمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی هاوبەش لە پەرلەمانی ئێران، شەوی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026 لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە بەهۆی "رێکاری هێزە سەربازییەکان"ەوە دەرفەتێکی نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی نەوتیی ئێران رەخساوە.
فرۆشتنی 80 ملیۆن بەرمیل نەوتی نێو کەشتییەکان
ئیبراهیمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران توانیویەتی بڕێکی زۆری ئەو نەوتەی کە لەنێو کەشتییەکان بوو، بفرۆشێت و گوتی: "لە دەریای عوماندا زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەبوو کە فرۆشرا و داهاتەکەی خرایە سەر داهاتە گشتییەکەی وڵات".
جێگری سەرۆکی لیژنەی هاوبەش لە پەرلەمانی ئێران پێشبینییەکانی بۆ داهاتی نەوت لەم ساڵدا خستەڕوو و رایگەیاند: "خەمڵاندنە سەرەتاییەکانمان پیشانی دەدەن کە لە ساڵی 1405ی هەتاویدا (21-3-2026 تاوەکو 21-3-2027)، نزیکەی 5 ملیار دۆلار داهاتی زیاترمان لەم سێکتەرەدا دەستدەکەوێ."
باج و تێچووی ئاسایش لە تەنگەی هورمز
ئەو پەرلەمانتارە باسی پلانی ئێرانی بۆ کۆنترۆڵکردن، بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز و وەرگرتنی باج لەو کەشتییانە کرد کە بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن.
نادرقولی ئیبراهیمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی هاوبەش لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ، پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نابێت و گوتی: "کەشتیوانی، پاراستنی ئاسایش، پاراستنی دۆخی سەلامەت بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان و پاراستنی ژینگە تێچووی هەیە."
ئیبراهیمی گوتی: "هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە دەریاییەکانمان، خزمەتگوزاری بە هەندێک لە کەشتییەکان پێشکێش دەکەن و لە بەرامبەریشدا تێچووەکانی وەردەگرن."
نابێ دانوستاندن لەسەر تەنگەی هورمز بکرێ
ئیبراهیمی داوا دەکات، پەرلەمانی ئێران بە زووترین کات پڕۆژەی یاسایی تەنگەی هورمز وەک مافێکی یاسایی ئێران لە تەنگەکە و ئاوە هەرێمییەکاندا پەسند بکات و گوتی: "دەبێ بابەتی تەنگەی هورمز بە یەکجاری لە چوارچێوەی دانوستاندنەکاندا لاببرێ، چونکە پرسی تەنگەی هورمز کارتە بەهێزەکەی دەستی ئێرانە."
بە گوتەی ئیبراهیمی، بەدەستهێنانی داهات لە بەڕێوەبردنی دروست و سەرکەوتووانەی تەنگەی هورمز و کەنداو دووەمین کارتی بەهێزی ئێرانە.
ئیبراهیمی هۆشداری دا و گوتی: "ئێمە لەمەودوا لە رێگەی بەڕێوەبردن و چاودێریی پرسە ژینگەییەکانەوە، داهاتێکی دیکە بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ