رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت، لە بەهاری ئەم ساڵدا رێژەی بێکاری لەو وڵاتە گەیشتووەتە 9.1%، کە بەراورد بە بەهاری ساڵی رابردوو، بە رێژەی 1.8% بەرزبووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ناوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە وەرزی بەهاری ئەم ساڵدا کە وڵاتەکە لەژێر کاریگەریی جەنگدا بوو، 40.7%ـی دانیشتووانی تەمەن 15 ساڵ بەسەرەوە بەدوای کاردا گەڕاون.
بەپێی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی کاریان هەبووە، چ کارمەند و چ کرێکاری تەمەن 15 ساڵ بەسەرەوە، 24 ملیۆن و 672 هەزار کەس بووە، کە بەراورد بە بەهاری ساڵی رابردوو، نزیکەی 450 هەزار کەس کەمیکردووە.
لە بەرامبەردا ژمارەی دانیشتووانی ناچالاک لە رووی ئابوورییەوە (لەوانە خوێندکاران، ژنی ماڵەوە و خانەنشین) گەیشتووەتە 39 ملیۆن و 535 هەزار کەس، کە بەراورد بە بەهاری ساڵی رابردوو نزیکەی 796 هەزار کەس زیادیکردووە.
سەبارەت بە دابەشبوونی کار لە بەشە جیاوازەکان، کەرتە خزمەتگوزارییەکان بە رێژەی 53.8% زۆرترین پشکی بەرکەوتووە، کەرتی پیشەسازی بە 31.0% و کەرتی کشتوکاڵیش بە 15.1% دێت.
سەبارەت بە رێژەی بێکاری لەنێو گەنجان، ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، 23.4%ـی گەنجانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵ بێکار بوون، کە ئەم رێژەیە بەراورد بە هەمان وەرزی ساڵی رابردوو 3.7% زیادیکردووە؛ هەروەها رێژەی بێکاری لە تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵدا گەیشتووەتە 17.5%، کە ئەمەش بە رێژەی 3.0% زیادیکردووە.


.webp&w=3840&q=75)
