رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە ئیمارات و دەڵێت: "رێگە نادەین هێڵی ئیمارات-ئیسرائیل لە ناوچەی کەنداو دروست بکرێت."
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" کە بەشێکی ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "جەنگ کۆتایی نەهاتووە و ئاگربەستی راستەقینە نییە. ئێمە دوای 40 رۆژی یەکەمی جەنگ، ئێستا لە قۆناخی دووەمی جەنگەکەداین."
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە گوتوویانە: "دڵنیاتان دەکەینەوە ئەگەر هەموو هێزە سەربازییەکانی جیهانیش کۆببنەوە، ئێمە رێگە نادەین تەنگەی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران دەربچێت و بەبێ رەزامەندیی ئێران، هیچ وڵاتێک ناتوانێت تەنانەت یەک لیتر نەوتیش لە ناوچەکە هەناردە بکات و بیباتە دەرەوە."
بە گوتەی ئیبراهیم رەزایی، "سەپاندنی کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا بووەتە هۆی گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە. بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانمان لە تەنگەی هورمز، خەریکین دەیکەین بە یاسا."
رەزایی بە ئاماژەدان بە رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا لە تەنگەی هورمز و کەنداو گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە کەنداو دەگوزەرێت، بە بڕوای من کاریگەریی ستراتیجی لەسەر ئەنجامی کۆتایی ئەم جەنگە دەبێت."
رەزایی رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی بەحرێن و ئیمارات لە ناوچەکە و نزیکبوونەوەیان لە ئیسرائیل دەگرێت و رایدەگەیێنێت، هێشتا بە رێگەیەکی هەڵەدا دەڕۆن و سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە رێگە هەڵەکەیان.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە ئیمارات و گوتی: "ئێمە رێگە نادەین هێڵی ئیمارات - ئیسرائیل لە ناوچەی کەنداو دروست ببێت، یان وەکو رابردوو لە کارەکانیان بەردەوام بن."
ئیبراهیم رەزایی هەروەها گوتی: "ئەم جەنگە دەرفەتێکی باشە تاوەکو هەندێک رەچاوکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەلا بنێین و راشکار بین و هەموو کێشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چارەسەر بکەین."
بە گوتەی رەزایی، هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە هەڵەکانیان تێگەیشتوون و پەیامیان بۆ ئێران ناردووە.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش، ئیبراهیم رەزایی جەختی کردەوە کە گەشبین نییە، چونکە بە بڕوای ئەوە هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەمریکا بوونی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ