رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگای بەقیەتوڵڵای سوپای پاسداران رایگەیاند، تاوەکو 5 مەرجی سەرەکیی ئێران جێبەجێ نەکرێن، هیچ دانوستاندنێک ناکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026 محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی قەرارگای بەقیەتوڵڵای سوپای پاسداران رایگەیاند، "بەم ئاستە بێمتمانەییە لە ئەمریکا، شتێکی سرووشتییە تیمی دانوستانکار کۆمەڵێک مەرج دیاری بکات کە مافە رەواکانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکات."
محەممەد عەلی جەعفەری مەرجەکانی ئێرانی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لە 5 خاڵدا کۆکردەوە و گوتی، "تاوەکو شەڕ لە هەموو بەرەکاندا کۆتایی نەیەت، سزاکان هەڵنەگیرێن، پارە سڕکراوەکان ئازاد نەکرێن، زیانەکانی شەڕ قەرەبوو نەکرێنەوە و دان بە سەروەریی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمزدا نەنرێت، هیچ دانوستاندنێک ناکرێت."
ئەم لێدوانانەی فەرماندەکەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێن، رۆژی یەکشەممە ئێران لەڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە وەڵامی پێشنیازێکی 14 خاڵیی ئەمریکای دایەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکەی ئەمریکا پێکهاتبوون لە:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگەیاندنی کۆتاییهاتنی فەرمیی جەنگ و دەستپێکردنی 30 رۆژ دانوستاندنی چڕ.
2. تەنگەی هورمز: لادانی سنووردارکردنی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
3. پیتاندنی یۆرانیۆم: راگرتنی پیتاندن بۆ ماوەی 12 بۆ 15 ساڵ، دواتریش تەنیا تاوەکو ئاستی 3.67%.
4. کۆگەی ئەتۆمی: پابەندبوونی ئێران بەوەی هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت.
5. پشکنینی نێودەوڵەتی: رەزامەندیی تاران لەسەر پشکنینی کتوپڕی پشکنەرانی نێودەوڵەتی.
6. یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە: گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێستای ئێران بۆ دەرەوەی وڵات.
7. پارە سڕکراوەکان: هەڵگرتنی بلۆک لەسەر ملیاران دۆلاری سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی جیهان.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا وەڵامەکەی ئێرانی رەتکردەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "ئێستا وەڵامی بەناو نوێنەرانی ئێرانم پێگەیشت، بە دڵم نییە و بە تەواوی قبووڵنەکراوە."
هاوکات رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، وەڵامەکەی تاران داواکارییەکانی واشنتنی لەبارەی چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە جێبەجێ نەکردووە، ئەوەش وەک یەکێک لە خاڵە هەرە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ