ئێران: لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دوو خاڵی هەستیار رێکنەکەوتین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی یەکێک لە درێژترین و چڕترین خولەکانی دانوستاندنی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ئاشکرا کرد و دەڵێت، سەرەڕای گفتوگۆیەکی بەردەوام، بەهۆی ''قووڵیی ناکۆکییەکان''ەوە لەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی، نەگەیشتنە رێککەوتن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12-04-2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد و تیشکی خستە سەر نێوەرۆکی دانوستاندنەکەی ئیسلامئابادی پاکستان، کە لەسەر چەند پرسی گرنگ، لەوانەش کردنەوەی تەنگەی هورمز و پرسی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەچوو.

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گەڕەی دانوستاندن، ''درێژترین'' گەڕ بووە و بەگشتی نزیکەی 24 بۆ 25 کاژێر ''بەبێ وەستان'' لە بەیانیی دوێنێوە بە گۆڕینەوەی پەیامی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە.

10 خاڵەکەی ئێران و "گرێکوێرەی" دانوستاندنەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێک پێشنیاز بوون کە پێشتر لە پێشنیازی هەردوو لا خراونەتەڕوو؛ ''باس لەو پێشنیازە 10 خاڵییە کرا کە ئێمە پێشکێشمان کردبوو، لەگەڵ ئەو خاڵانەی لایەنی بەرامبەر هەیبوو.''

بەگوتەی بەقایی، لەسەر کۆمەڵێک بابەت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، ''بەڵام سەبارەت بە دوو یان سێ بابەتی زۆر گرنگ، بۆچوونەکان لە یەکدییەوە دوور بوون و لە کۆتاییدا نەگەیشتینە رێککەوتن.''

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد کە ئەمجارە "بابەتی نوێ" هاتوونەتە نێو ئەجێندای دانوستاندنەکان، ''وەک بابەتی (تەنگەی هورمز) و دۆخی ناوچەکە، کە ئەمانەش ئاڵۆزیی زیاتریان بە پرۆسەکە بەخشیوە''

"دیپلۆماسی لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا بەردەوامە"

سەبارەت بەوەی ئایا شکستی ئەم گەڕەی دانوستاندن بە واتای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی دێت؟ بەقایی جەختی لەوە کردەوە، "دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایات و وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە هەموو دۆخێکدا، چ جەنگ و چ ئاشتی، بەردەوام دەبێت.''

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێکنەکەوتنی تاران و واشنتن بە ''ئاسایی'' دەزانێت و دەڵێت، "ئەم گفتوگۆیانە دوای 40 رۆژ لە جەنگێکی سەپێنراو و لە کەشێکی پڕ لە بێ متمانەیی و گوماندا کران؛ بەتایبەت کە لایەنی ئەمریکی بۆ دووەم جار لە ماوەی 9 مانگدا لەگەڵ رژێمی زایۆنی دەستدرێژیی سەربازی کردووەتە سەر ئێران؛ بۆیە ئاساییە لە یەک دانیشتندا نەگەینە رێککەوتن."

هەڵوێستی شاندی ئەمریکا چی بوو؟

لەکاتێکدا ئێران باس لە "رێکنەکەوتن" دەکات، لایەنی ئەمریکیش بە زمانێکی روون، بەڵام تووندتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی راگەیاند.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دانوستاندنەکان شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە رێککەوتن و پاکستان جێدەهێڵێت. 

جەی دی ڤانس جەختی کردەوە کە "باشترین و کۆتا پێشنیاز"یان خستووەتە بەردەم تاران و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە بۆ ئەوەی بڕیار بدات.

بەپێی زانیارییەکان، گەورەترین خاڵی ناکۆکی نێوانیان پرسی چەکی ئەتۆمییە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن داوای "بەڵێنێکی پشتڕاستکەرەوە" دەکات کە ئێران نەوەک تەنیا ئێستا، بەڵکو بۆ مەودایەکی درێژخایەن بەدوای چەکی ئەتۆمی و ئەو ئامرازانەدا نەچێت کە توانای دروستکردنی چەکەکەی پێ دەدەن.

تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئاگربەست و جەنگە ''بە کاتی'' راگیراوەکەی نێوان واشنتن و تاران دیار نییە.، بەڵام ''رێکنەکەوتن'' ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ زیاتر دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە