راوێژکاری رێبەری ئێران: کلیلی تەنگەی هورمز لە دەستی ئێمەدایە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، کلیلی تەنگەی هورمز لە دەستی ئەواندایە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە ئاماژەدان بە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان رایگەیاند، "مێژووی دیپلۆماسیی ئێران لە رێککەوتنی ئەرزەنە رووم-ـەوە تاوەکو دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، خاوەنی بنەمایەکی سەرەکییە؛ پاراستنی ئێرانی ئازیز."
 
ویلایەتی هەروەها دەڵێت: "هەروەکو چۆن 'تەنگەی ئەبولحەیات' بە درێژایی مێژوو هێمای داخستنی رێگە لەسەر بیانییەکان لە جەرگەی خاکەکەماندا بووە، ئەمڕۆ کلیلی تەنگەی هورمز لە دەستە بەهێزەکانی ئێمەدایە."
 
رێککەوتنەکانی ئەرزەنەرووم یا ئەرزەروومی یەک و دوو، لە ساڵانی 1823 و 1847 لە نێوان دەسەڵاتی قاجارەکان لە ئێران و عوسمانییەکان و بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنوورەکانیان واژۆ کراون.
 
تەنگەی ئەبولحەیات یان تەنگەی ئاریۆبەرزەن، دەکەوێتە ناوچەی کازێرونی پارێزگای فارس و لە سەر رێگەی سەرەکیی کازێرون-شیرازە هەڵکەوتووە. تەنگەکە بەهۆی رووداوی مێژوویی هێرشی ئەسکەندەری مەسێدونی بۆ سەر ئێرانی سەردەمی ئەخمینییەکان و بەرگریی فەرماندەیەکی ئێرانی بەناوی ئاریۆبەرزەن، ناوبانگێکی زۆری لە ئێراندا هەیە، کە دواجار ئێرانییەکان تێکدەشكێن و ناوچەکە بە تەواوی داگیر دەکرێت.
 
رۆژی شەممە، 11ی نیسانی 2026 بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاشتی، لە کاتێکدا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان هەردوو لایەن بەردەوامە. بەڵام هەردوو لایەن شکستی دانوستاندنەکانیان راگەیاند.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دانوستاندنەکان نزیکەی 21 کاژێریان خایاندووە و ئێران "بڕیاریدا مەرجەکانمان قبووڵ نەکات."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا لەسەر هەندێک خاڵ رێککەوتوون، بەڵام "ناکۆکی لەسەر دوو بۆ سێ پرسی گرنگ مایەوە."
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە