رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان رایدەگەیێنێت، گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلامئاباد، بنەمایەکی دیپلۆماسییە کە دەتوانێت چوارچێوەیەکی سەقامگیر بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان دەستەبەر بکات. دەشڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە تەنیا رووداوێک نین، بەڵکو پرۆسەیەکن."
رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاکستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئاباد رایگەیاند: "گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد بنەمای پرۆسەیەکی دیپلۆماسییان دانا، کە ئەگەر متمانە و ئیرادەی سیاسی بەهێز بکرێت، دەتوانێت چوارچێوەیەکی سەقامگیر بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان دەستەبەر بکات."
رەزا ئەمیری موقەدەم سوپاسی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتەی کرد بۆ رۆڵی نێوەندگیریان و میوانداریکردنی گفتوگۆکان. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی حکومەت، سوپا، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی پاکستانی کرد کە ژینگەیەکی ئارام و رێکوپێکیان بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان رەخساندووە.
سەبارەت بە شاندی وڵاتەکەشی، باڵیۆزی ئێران گوتی: "شاندی باڵای دانوستاندنکاری ئێران بە سەربەرزی و متمانەبەخۆبوون و بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی ئێران، گفتوگۆکانیان بۆ مسۆگەرکردنی مافە رەواکانی میللەتەکەمان ئەنجام داوە."
رۆژی شەممە، 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و دانوستاندنەکان شکستیان هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ