ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران [لای چەپ] و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە لە کێبڕکێدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستاندن، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد بە بێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتاییان هات. بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێ، ئەگەر هەیە گەڕی دووەمی دانوستاندن دەستپێبکاتەوە.
سەرەڕای لێدوانە توندەکانی هەردوولا دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی ناوچەکە کە ئاگاداری وردەکارییەکانن، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان گوتووە، دەرگەی دیپلۆماسی هێشتا دانەخراوە. ئاماژە بەوە دەکرێت، رەنگە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دەستپێبکاتەوە. هاوکات، وڵاتانی نێوەندگیر خەریکی گوشارن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستە 14 رۆژییەکە کە درەنگی شەوی سێشەممە راگەیێندرا.
گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، کە بەرزترین ئاستی دیداری رووبەڕووی نێوان واشنتن و تاران بوون لە ساڵی 1979ـەوە، لە سەر سێ خاڵی سەرەکی پەکیان کەوتووە:
تەنگەی هورمز: ئەمریکا داوای کردنەوەی تەواوەتی و بێ بەرامبەری تەنگەکە دەکات، بەڵام ئێران دەیەوێت باج لە کەشتییەکان وەربگرێت.
یۆرانیۆمی پیتێنراو: چارەنووسی کۆگە گەورەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، کە ئەمریکا داوای گواستنەوەیان بۆ دەرەوە دەکات.
پارە بلۆککراوەکان: داواکاریی تاران بۆ کردنەوەی 27 ملیار دۆلار لە داهاتە نەوتییەکانی کە لە بانکەکانی دەرەوەدا سڕکراون.
بەپێی راپۆرتەکان، شاندی ئێرانی چەند پێشنیازێکی خستووەتە روو، لەوانە کەمکردنەوەی بڕی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە یان بەردەوامبوون لە پیتاندن بە بڕێکی زۆر کەم و هێمایی، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ هیچ کام لەو پێشنیازانەی وەک سازش قبووڵ نەکردووە.
ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەوە دەکات ئایا وڵاتانی وەک پاکستان، تورکیا و میسر دەتوانن لە چەند کاژێری داهاتوودا هەردوولا قایل بکەن کە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەرلەوەی مۆڵەتی ئاگربەستە کاتییەکە تەواو بێت و ناوچەکە دووبارە بکەوێتەوە ناو شەپۆلێکی نوێی بۆردوومان.
دوای 21 کاژێر لە گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێو هۆتێل سێرێنا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستاندنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 12-4-2026، بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتاییان هات.
ئەمریکییەکان دەڵێن "دوایین و باشترین" پێشنیازی خۆیان پێشکێش کرد، بەڵام تاران رەزامەندیی لەسەر نیشان نەدا.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران رایگەیاند: "ئێمە بە روونی هێڵە سوورەکانی خۆمانمان دیاریکرد. روونمان کردەوە چ شتێک قبووڵ دەکەین و لەسەر چ شتێکیش سازش ناکەین." هەرچەندە ڤانس وردەکاریی هێڵە سوورەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کە هەردوولا لەسەر پرسە سەرەکییەکان هێشتا زۆر لە یەکدی دوورن.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکان نووسی: "پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان جەختمان کردبووەوە کە ئێمە خاوەن نییەتێکی باش و ئیرادەی پێویستین، بەڵام بەهۆی ئەزموونی دوو جەنگی رابردوو، هیچ متمانەیەکمان بە لایەنی بەرامبەر نییە."
قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە شاندی ئێرانی بە ناوی میناب 168، کۆمەڵێک دەستپێشخەریی نوێیان خستە روو، بەڵام لایەنی بەرامبەر لەم خولەی دانوستانەکاندا نەیتوانیوە متمانە بۆ شاندی ئێرانی دروست بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ