رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە ئیسلامئاباد چەند هەنگاوێک دوور بوون لە ئاگربەست، بەڵام رووبەڕووی گۆڕینی مەرجەکان و گەمارۆ بوونەوە. دەشڵێت، نیازی چاک، نیازی چاکی لێدەکەوێتەوە و خراپیش بە هەمان شێوە.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئێران لە نووسینێکدا لە ئێکس سەبارەت بە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و هەڕەشەی سوپای ئەو وڵاتە بۆ گەمارۆدانی تەنگەی هورمز بڵاویکردەوە، "ئێران بە نیازێکی پاکەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداریی دانوستاندنی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. بەڵام کاتێک تەنیا چەند هەنگاوێک دوور بووین لە 'یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد'، رووبەڕووی داواکاریی زیادەڕۆیانە، گۆڕینی مەرجەکان و گەمارۆ بووینەوە".
رۆژی شەممە، لە ئیسلامئاباد دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو. دانوستاندنەکە بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییهات. دیارنییە گەڕی داهاتووی دانوستاندن دەکرێت یان نا. هەریەک لە ئەمریکا و ئێرانیش ژمارەیەک رەشنووسی جیاوازی مەرج و داواکارییان بۆ یەکدی هەبوو بەڵام هیچیان سازشیان بۆ ئەوەی دیکە نەکرد.
بە گوێرەی لایەنی ئەمریکی، ئێران رازینەبوو بە کردنەوەی بێ مەرجی تەنگەی هورمز و ئامادەش نەبوون واز لە پڕۆگرامی ئەتۆمی بهێنن. هەروەها، درەنگانی شەی رابردوو سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10:00ی بەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی واشنتن (کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر)ەوە گەمارۆ دەخەنە سەر تەنگەی هورمز.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هیچ وانەیەک فێرنەبوون. نیەتی چاک، نیەتی چاکی لێ دەکەوێتەوە. دوژمنایەتی، دوژمنایەتیی لێ دەکەوێتەوە."
هەڕەشەکەی سێنتکۆم و وەڵامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدان سوپای پاسدارانی ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ