ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکات؛ تاران هەڕەشەی "وەڵامی تووند" دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەڵام و هەڕەشەی ئەمریکا و ئێران لە یەکدی بەردەوامە؛ سوپای ئەمریکا کاتی دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو راگەیاند. لە بەرامبەردا تاران دەڵێت، سەر بۆ هەڕەشەکان دانانەوێنن و هێزە دەریاییەکانیان لە ئامادەباشیدان.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سینتکۆم) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە کاژێر 17:00 بە کاتی هەولێر، گەمارۆی سەرجەم بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە بە واتای کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دەریایی دێت لە تەنگەی هورمز، کە دەمارێکی سەرەکیی وزەی جیهانە و پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
 
سینتکۆم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ئاماژەی بەوە کردووە، گەمارۆکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر کەشتیی هەموو ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دێنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن، بەڵام رێگری لەو کەشتیانە ناکەن کە بە تەنگەی هورمزدا بەرەو بەندەرەکانی دیکە جگە لە ئێران دەچن.
 
ئەم بڕیارە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات ،ایگەیاندبوو "هەر کەشتییەک" باج بە ئێران بدات، رێگەی پێنادرێت لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بە سەلامەتی تێپەڕ بێت.
 
تاران: با تاقیمان نەکەنەوە
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاردانەوەیەکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپدا پاشەکشە ناکات. قالیباف گوتی: "ئەگەر شەڕ بکەن، شەڕ دەکەین، ئەگەر بە لۆژیکیش بێنە پێشەوە، بە لۆژیک وەڵام دەدەینەوە. رێگە بدەن جارێکی دیکە ئیرادەمان تاقی بکەنەوە تاوەکو وانەیەکی گەورەتریان فێر بکەین."
 
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران جەختی کردەوە کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزیان لەدەستە و هۆشدارییان دا هەر "هەنگاوێکی هەڵە" دوژمنان دەخاتە نێو "گەردەلوولێکی کوشندە"، شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران هەڕەشەکانی ترەمپی بە "پێکەنیناوی" وەسف کرد.
 
بەرەی لوبنان؛ ئیسرائیل و حیزبوڵڵا
 
لە لایەکی دیکەوە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، کار بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکەن، لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبنان گوتی، مەترسیی هێرشی حیزبوڵڵایان لەناوبردووە، بەڵام "شەڕ بەردەوامە".
 
 هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، سوپای ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بەوەی تانکێکیان دوو جار کێشاویەتی بە ئۆتۆمبێلەکانیاندا و رێگەی سەرەکیی گەیشتن بە پێگەکانیانیان لە باشووری لوبنان گرتووە.
 
زیانە مرۆییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی کوژراوان لە لوبنان گەیشتووەتە 2,055 کەس، لە ئێرانیش، عەباس مەسجدی، بەرپرسی رێکخراوی پزیشکی دادوەری رایگەیاند، 3,375 کەس لە شەڕی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
 
لەسەر ئاستی سیاسیشدا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری پێشاندا، هەروەها پاکستان کە نێوەندگیری گفتوگۆکانی کۆتایی هەفتەی کردبوو، داوای پابەندبوون بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان واشنتن و تاران دەکات.
 
لە نوێترین هەڕەشەشیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە چین کە ئەگەر هاوکاریی سەربازیی ئێران بکات، باجی 50٪ دەخاتە سەر کاڵا چینییەکان کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاندی ئێران لە پاکستان.

ئەندامێکی شاندەکەی ئێران: ئەمریکا بۆ رێککەوتن نەهاتبوون و وانەیەکی گەورەیان وەرگرت

مەحموود نەبەویان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران کە لە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد بەشداربوو، رایگەیاند، ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا مەبەستی رێککەوتن نەبووە، بەڵکو ویستوویەتی ئیرادەی گەلی ئێران تاقی بکاتەوە و دەشڵێت: "لەسەر سێ خاڵی سەرەکی جیاوازیی تەواومان هەبوو."