رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران دەستگیرکردنی 50 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی و ناردنی زانیاریی سەربازی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند، کە بە گوتەی پۆلیس لە 16 پارێزگای جیاوازی ئەو وڵاتەدا بوون.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بەوەی "زانیاریی وردیان لەبارەی شوێنە سەربازییەکان و شوێنی گردبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان کۆکردووەتەوە" و بۆ ئەو لایەنانەیان ناردووە کە تاران وەک "تۆڕی تیرۆریستی" ناویان دەبات.
بەپێی ناوەندی راگەیاندنی پۆلیس، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بەوەی شوێنی ستراتیژی و هەستیاریان بۆ "دوژمنان" دیاریکردووە بە مەبەستی هێرشکردنە سەریان. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا، دەستبەسەر کۆمەڵێک چەک، نارنجۆک، ئامێری ئینتەرنێتی ستارلینک و چەندین ئامێری ئەلیکترۆنیدا گیراوە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردبوو، لە 8ـی نیسانەوە بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگیراوە. هەرچەندە رۆژی 11ـی نیسان دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکرد، بەڵام گفتوگۆکان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک.
لە ئێران ناوە ناوە دەستگیرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "ئاژاوەگێڕی" لە شارە جیاوازەکان رادەگەیێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی و کۆکەرەوە لەبارەی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو جۆرە تۆمەتانە لەبەردەستدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ