رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند تەنگەی هورمز بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەشتییەک لەوێ تێپەڕێت، پێویستە بە ریاڵی ئێرانی باج بدات.
رۆژی یەکشەممە، 12-04-2026، حەمیدڕەزا بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە تەنیشت چوار زلهێزی جیهانەوە وەستاوە و کەشتییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە بەرامبەر هێزە چەکدارەکانی ئێران دا شکستیان هێناوە.
بە گوتەی حەمیدڕەزا حاجی بابایی، تەنگەی هورمز کە 20٪ی نەوت و 35٪ی گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، ''بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و هەر کەشتییەک، کە پێیدا تێپەڕ دەبێت، پێویستە بە ریاڵ (ئێرانی) باج بدات.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، بە گوێرەی رێنوێنییەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی، ''بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ دۆخێک دا'' لەسەر تەنگەی هورمز دانوستاندن ناکەن.
وەک حەمیدڕەزا حاجی بابایی دەڵێت، جەنگ و سزا نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران نەبووە و ''ئێستا هەناردەمان 1.6 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ نەوتی وڵاتەکەمان، بە کردەیی سزاهەڵنەگرە.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە رێکنەکەوتنی تاران و واشنتن لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئابادی پاکستانیش گوتی، ''گەلی ئێران هیچ کات لە داواکارییەکانی خۆی پاشەکشە ناکات.''
گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو و بەیانیی ئەمڕۆ کۆتاییهات؛ بەڵام دواتر بەرپرسانی دوو وڵاتەکە رایانگەیاند، بۆچوونەکانیان لە یەکدی دوور بووە و لەسەر هەندێک خاڵ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ