رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، 10 مەرج دەخاتە بەردەم فیفا بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی 2026، کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، لیستێکی 10 خاڵییان ئاراستەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کردووە، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی ماف، ئاسایش و پاراستنی شکۆی کاروانی وەرزشیی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا.
تاج، بە میدیای فەرمی ئێرانی رایگەیاند، یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، پێدانی ڤیزایە بۆ سەرجەم ئەندامانی شاندەکەیان بەبێ هیچ جیاکارییەک.
تاج دەڵێت: "ئێمە میوانی فیفاین، نەک میوانی وڵاتی خانەخوێ، بۆیە دەبێت فیفا خۆی گەرەنتی هاتنەژوورەوەی هەموو یاریزان و ستافەکانمان بکات." ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا لە ئەنقەرە بن و گەرەنتی بکرێت کە هیچ لێپرسینەوە و سنووردارکردنێکی زیادە بۆ ئەندامانی تیمەکە دروست نەکرێت.
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوا دەکات لە کاتی یارییەکانیاندا، رێگری لە بەرزکردنەوەی هەر جۆرە ئاڵا و سیمبوڵێکی "ناپەیوەندیدار" لەنێو یاریگاکاندا بکرێت و سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەشیان بەتەواوی و بەبێ کەموکوڕی لێبدرێت.
سەبارەت بە پلانی گەشتەکە، مەهدی تاج ئاشکرای کرد، هەڵبژاردەی ئێران، کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرەتا دەچێتە تورکیا و بۆ ماوەی 10 تاوەکو 15 رۆژ لەوێ کەمپێکی مەشقی دەبێت، پاشان راستەوخۆ لەوێوە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەون.
تاج هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەستدا نەماوە و دەبێت فیفا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی کێشەی ڤیزە و گەرەنتییە ئەمنییەکان یەکلایی بکەنەوە، تاوەکو هیچ ئاستەنگێک نەیەتە بەردەم کاروانی هەڵبژاردەکەمان."
کێبڕکێکانی مۆندیالی 2026، رێکەوتی 11ی حوزەیرانی 2026 بە میوانداری هاوبەشی سێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، ئێرانیش یەکێکە لە هەڵبژاردەکانی مۆندیال بۆ ساڵی 2026. بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، پێشتر دەنگۆکانی گومان لە بەشداریکردنی شاندی ئێرانی لە مۆندیالی ئەمریکا هەبوو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دواتر بە فەرمی بەشداریکردنی ئێرانی لە مۆندیال راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ