رووداو دیجیتاڵ
موحسین رەزایی، راوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "ئەمریکا لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا شکست دەهێنێت."
شەوی یەکشەممە، 12-4-2026، موحسین رەزایی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمریکا هەروەک چۆن لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا تووشی شکستێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بە ئێران، لە سەپاندنی گەمارۆی دەریاییشدا شکست دەهێنێت."
راوێژکاری موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران رێگە بە هەنگاوێکی لەو شێوەیەی ئەمریکا نادەن و دەڵێت: "ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە، دەستکەوتی گەورە و ئامرازی گوشاری وای لەبەردەستە کە هێشتا بەکاری نەهێناون."
موحسین رەزایی نووسیویەتی: "ئێران شوێنێک نییە کە بە تویت و پلانە خەیاڵییەکان ئابڵووقە بدرێت."
ئەم قسانەی موحسین رەزایی لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی ئابلووقەی دەریایی بەسەر ئێراندا کردووە. ترەمپ رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئابڵووقەی سەر ئەو کەشتییانە دەدات کە هاتووچۆی بەندەرەکانی ئێران دەکەن و دەڵێت، ئابڵووقەکە لە 13ی نیسان لە 10:00ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستپێدەکات. (کاژێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر).
گوتەکانی ترەمپ دوای ئەوە دێت، دوێنێ دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەنێوەندگیری پاکستان کۆتاییهات و نەگەیشتنە رێکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ