رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، لە کۆتاییدا ناچار دەبن پاشەکشە بکەن و "بەبێ هیچ دەستکەوتێک ناوچەکە جێدەهێڵن."
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل.
قائانی نووسیویەتی: "پێویستە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی لەبیریان بێت کە چۆن بە دەستی بەتاڵ لە یەمەنی پاڵەوان و بابولمەندەب و دەریای سوور هەڵاتن."
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێزانەی ئێستا لە ناوچەکەدان، لە کۆتاییدا ناچار دەبن پاشەکشە بکەن و دەڵێت: "بەرەی یەکگرتووی مقاوەمە لە تەواوی ناوچەکەدا ئامادەییەکی بەهێز و کاریگەری هەیە و لە چاوەڕوانی دوژمنانی مرۆڤایەتیدایە."
پەیامەکەی فەرماندەی فەیلەقی قەدسی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی ئابلووقەی دەریایی بەسەر ئێراندا کردووە. بە گوتەی ترمپ، ئابلووقەکە ئەمڕۆ 13ی نیسان لە کاژێر 10:00ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاژێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ