رووداو- هەولێر
د. عەبدولڕەحمان قاسملو لەنێوان ساڵەکانی 1971 تاوەکو کاتی شەهیدبوونی لە 13ی جولای 1989 بۆ ماوەی 18 ساڵ کەسی یەکەمی حیزبی دیموکرات بوو. ئەو لە گوندێکی نزیک شاری ورمێ لە دایکبووە. لە ورمێ، تاران، پاریس و پراگ خوێندوویەتی و دکتۆرای زانستی ئابووری بەدەستهێناوە.
لایەنگرانی بە سیاسییەکی وردبین و بە ئەزموون و ستراتیژیستێکی سیاسی و رێبەرێکی لێوەشاوە دەیناسێنن. قاسملو بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پتانسیەلی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کوردی نییە ، بەڵام چەندینجار لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ئەو حکومەتە کەوتووەتە دانوستاندن و لەکۆتاییشدا لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ وەفدێکی ئێران تیرۆرکرا.




