ئێران
پیاوێک لەسەر باڵەخانەیەکی خاپوورکراوی تاران ئاڵای ئێران هەڵدەدات. وێنە: Morteza Nikoubazl/Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، نابێت ئاگربەست درێژبکرێتەوە، مەگەر مافەکانی ئێران، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بە فەرمی بناسرێن، ئەگەر نا دووبارە جەنگ روودەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی نیسانی 2026 ئیبراهیم رەزایی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بڕیار نییە ئەو کەشوهەوایەی بەهۆی ئاگربەستەوە رەخساوە، بۆ شەڕانگێزیی دووبارە و خۆپڕچەککردنەوەی لایەنی بەرامبەر بەکاربهێنرێت."
ئیبراهیم رەزایی دەڵێت، "نابێت ئاگربەست درێژبکرێتەوە مەگەر مافەکانی ئێران، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بە فەرمی بناسرێن، یان بگەڕێنەوە بۆ جەنگ."
رەزایی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی، "ئەگەر مافەکانمان نەدەن، ئەو ئاگربەستەی کە بووەتە هۆی وەحشیگەریی ئەمریکییەکان و زایۆنییەکان، وەک ددانێکی لەق دەبێت هەڵبکەندرێت و فڕێ بدرێت."
ئەم هەڕەشانەی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کاتێکدایە، لە کاژێر 05:00ی ئێوارەی دووشەممە (بە کاتی هەولێر)، سەپاندنی ئابڵۆقەی دەریایی بەسەر ئێراندا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە فەرمی دەستیپێکردووە، ئەوەش گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتنی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ.
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، لەمەودا کۆنترۆڵی تەنگەکە لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبێت و تەنانەت باس لە وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەش دەکەن کە بە تەنگەکەدا تێپەر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ