رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران دەڵێت، چیدیکە تەنیا شوێنی سەربازی ناکەنە ئامانج و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیشیان دەستنیشانکردووە و دەیانکەنە ئامانج.
محەممەدتەقی ئوسانلوو، فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی و مووشەک بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
فەرماندەکە دەشڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق خواستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی چەککردن یان دەرکردنی ئەو حیزبانە جێبەجێ نەکەن، هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.
هەروەها محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران ناوی کۆمەڵێک ناوچەی باشووری کوردستان وەک بەکرەجۆ، تۆبزاوا، زڕگوێز، گردەچاڵ، جێژنیکان و هەروەها کەمپەکانی ئازادی و ئەمیرییە دێنێت و هەڕەشە دەکات، ئەگەر خواستەکانیان جێبەجێ نەکرێن، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022 جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشی کردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو هاونیشتمانی لە کۆیە گیانیان لەدەستداوە و شەشیش هەن، کە بریندارەکان و یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ