رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دەڵێ، لە جەنگی ئەم دواییەدا زیاتر لە 7200 کەس لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانی مانگی سوورەوە لە ژێر داروپەردووی باڵاخانەکان رزگار کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 پیرحوسێن کولیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران باسی لە کار و چالاکییەکانی تیمە فریاگوزارییەکانی کۆمەڵەکەی کرد و رایگەیاند، لە 40 رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 6000 ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنیان لە سەرانسەری ئێران بەڕێوەبردووە.
کولیوەند گوتی، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 7215 کەس لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگار کران.
بە گوتەی کولیوەند، لە ماوەی جەنگەکەدا 10 هەزار و 382 بریندار لە لایەن تیمەکانیانەوە لە شوێنی بۆردوومانەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە، زیاتر لە 7000 برینداری دیکەش بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش هەرزوو بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە. بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لەنێوان لایەنەکان راگەیێندرا.
رۆژی 11ی نیسان، دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە شکستهێنانی دانوستاندنەکان راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ