رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ئەمریکییەکان ویستیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ئیسفەهان دەست بەسەر یۆرانیۆمی ئێراندا بگرن، بەڵام شکستیان هێنا.
محەممەد ئیسماعیل کوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە باشووری ئیسفەهان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمریکییەکان وایان دەزانی بە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەتوانن کۆنترۆڵی مەیدانەکە بکەن و بە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی بەرچاو، باڵادەستیی خۆیان بەسەر رای گشتیی جیهاندا بسەپێنن و خۆیان وەک براوەی مەیدانەکە بناسێنن، بەڵام لەو کارەدا شکستیان هێنا.
کوسەری گوتی، "ئەوان دەیانویست لە باشووری ئیسفەهان دەست بەسەر زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراودا بگرن، چونکە وایان دەزانی یۆرانیۆمەکە لەوێیە، بەڵام تووشی شکستێکی زۆر قورس بوون کە بۆیان مایەی سەرشۆڕی بوو."
لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی ئێران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسە ئەتۆمی و سەربازییەکان بەردەوامییان هەیە.
رۆژی 3ی نیسان، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری "ئێف-15ئی" لە لایەن بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە پێکرا و تێکشکا.
دوای رووداوەکە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەوانی فڕۆکەکە هەر لە کاژێرە سەرەتاکاندا رزگار کراوە، بەڵام ئەفسەری سیستمی چەکى فرۆکەکە بێسەروشوێن بووە.
رۆژی 5ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ رزگارکردنی ئەو کەسە لە نێو خاکی ئێران ئەنجامدراوە.
هەمان رۆژ سوپای ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەیەکی چۆڵکراو لە باشووری پارێزگای ئیسفەهان لە نێوەڕاستی ئێران کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ