رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، ئەگەر واشنتن بەردەوام بێت لە ئابڵووقەدانی دەریایی کەشتییەکانیان، ئێران رێگە بە هیچ جۆرە هەناردە و هاوردەیەک لە تەواوی ناوچەکە نادات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، عەلی عەبدوڵڵاھی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە ئابڵووقەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکان و بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئابڵووقەکە بەردەوام بێت، ئێران کاردانەوەی تووندی دەبێت.
عەلی عەبدوڵڵاھی هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "ئەگەر ئەمریکای دەستدرێژکار و تیرۆریست بیەوێت بەردەوام بێت لە کارە نایاساییەکانی بۆ ئابڵووقەدانی دەریایی لە ناوچەکەدا، نائەمنی بۆ کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی ئێران دروست بکات، ئەم کارەی ئەمریکا دەبێتە سەرەتایەک بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست."
ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران هەڕەشەی کاردانەوەی تووند دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئابڵووقەکە بەردەوام بێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران رێگە نادەن هیچ جۆرە هەناردە و هاوردەیەک لە ناوچەی کەنداوی فارس، دەریای عومان و دەریای سووردا بەردەوامیی هەبێت."
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا دەشڵێت، ئێران بۆ بەرگریکردن لە "سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی خۆی،" بە هێزەوە هەنگاو دەنێت و رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
ئەم هەڕەشانەی فەرماندەی گشتیی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە کاتێکدایە، لە کاژێر 05:00ی ئێوارەی دووشەممە (بە کاتی هەولێر)، سەپاندنی ئابڵۆقەی دەریایی بەسەر ئێراندا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە فەرمی دەستیپێکردووە، ئەوەش گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتنی زیاتر کردووە.
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، لەمەودا کۆنترۆڵی تەنگەکە لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبێت و تەنانەت باس لە وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەش دەکەن کە بە تەنگەکەدا تێپەر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ