رووداو دیجیتاڵ
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان گەیشتە تاران و لەلایەن وەزیری دەرەوی ئێران پێشوازی لێکرا.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران رایگەیاند: "عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان گەیشتە تاران و لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوی ئێران پێسوازی لێکرا."
عاسم مونیر، سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسی و ئەمنیی دەکات بۆ گەیاندنی پەیامی ئەمریکا بۆ تاران. ئاژانسەکە رایگەیاند: "بڕیارە شاندەکەی پاکستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسی دانوستانەکانی داهاتوو تاوتوێ بکەن."
ئەوە دوای ئەوە هات، کە پێشتر ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران رایگەیاندبوو، شاندێکی پاکستان سەردانی تاران دەکات و لەڕێی پاکستانەوە، تاران و واشنتن پەیام دەگۆڕنەوە.
سەردانی شاندەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 11-4-2026، دانوستاندنێکی چڕی 20 کاژێری لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لە پرسی ئەتۆمیدا بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز داوە.
ئێران داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕ و وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی دەکات، لە بەرامبەردا ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی کە تاران دەبێت بە تەواوی دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ