رووداو- هەولێر
جێگری پلاندانی پارێزگای سنە سەبارەت بە رەوشی دەریاچەی زرێبار هۆشداریدەدات و دەڵێت، ئەگەر كێشەی ئەو دەریاچەیە چارەسەرنەكرێ، تاوەكو 10 ساڵی دیكە بەیەكجاری لەناودەچێت.
زرێبار گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرینی جیهانە و دەكەوێتە شاری مەریوان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە. تاوەكو ئێستا كۆمەڵێك هەنگاو بۆ نەهێشتنی كێشەكانی زرێبار گیراونەتەبەر، بەڵام جێگری پلاندانی پارێزگای سنە پێیوایە ئەو هەنگاوانە بەگوێرەی پێویست نین.
دەریاچەی زرێواری مەریوان، یەكێكە لە دیاردە سەرنجڕاكێشەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ژیانی ئەم دەریاچەیەش روو لە مەترسییە. ئەرسەلان ئەزهاری، جێگری پلاندانانی پارێزگای سنە ژیانی دەریاچەی زرێوار روولە مەرگ وەسفدەكات. ئەمە یانی كارەساتێكی دیكە كە بەرۆكی ژینگەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێ و جوانییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرەو كەمبوونەوەن.
بەگوتەی جێگری پلاندانانی پارێزگای سنە، قامیشەڵانەكانی دەریاچەی زرێوار رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنن. كە ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوامبێت تاوەكو 10 ساڵی داهاتوو نیشانێك لە دەریاچەی زرێوار نامێنێ. هەڵبەت جگەلەوە، سەرچاوە ئاوییەكانی زرێوار بەرتەسك بوونەتەوە و ئێستا ئاوێكی كەمتر دەڕژێننە ناو دەریاچەكە. ئەمەش پێویستی بە خاوێنكردنەوە هەیە.
دەریاچەی زرێبار گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرینی جیهانە و بە دووری 3 كیلۆمیتری لە دووری شاری مەریوان هەڵكەوتووە. یەكێك لە سەیرانگا بەناوبانگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشە، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەڕیدەی بیانیش سەردانیدەكەن.
ئاوی دەریاچەكە لە سەرچاوە ئاوییەكانی بن خۆیەوە هەڵدەقوڵێ و رووبارێك ناڕژێتە ناوی، بۆیە لەلای خەڵك دەریاچەیەكی ئەفسانەیی و پڕ لە راز و حیكایەتە.
لە دەریاچەی زرێواردا دەیان جۆر زیندەوەری ئاوی دەژین و شوێنی ژیانی جۆرەها باڵندەیە. مەرگی دەریاچەی زرێبار نیشانەی گۆڕانێكی گەورە لە ئێكۆسیستمی ناوچەكە دایە. زڕێوار لەو دەریاچە دەگمەنانەیە كە زستانان دەبێتە یەك پارچە سەهۆڵ. ئەمەش دیمەنێكی دیكەی جوانییەكەیەتی.
جێگری پلاندانانی پارێزگای سنە دەڵێ "بۆ رزگاركردنی دەریاچەی زرێوار هەندێ كاركراوە، ئاوەڕۆكانی گوندەكانی دەورووبەری زرێبار كۆكراونەتەوە و دەپاڵێورێن". بەڵام ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، ئەم هەنگاوانە بۆ رزگاركردنی زرێوار بەس نین و پێشنیازی دیكە دەخاتەڕوو.
بەبڕوای ئەو بەرپرسە، بۆ رزگاركرنی، دەبێت زرێوار وەك تاڵاو لە كۆنوانسیۆنی رامسەردا تۆماربكرێ، لە ئەگەری تۆماركردنیشیدا، هەم لە ئاستی گشتی وڵات و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بودجەی تایبەتی بۆ تەرخاندەكرێ. ئەو دەشڵێت "تۆماركردنی زرێوار وەك تاڵاو، ژیانی زرێوار دەپارێزرێ".
لەنێوچوونی زرێوار بە مانای كارەساتیكی ژینگەییە، بۆیە بەرلەوەی زرێواریش بە دەردی دەریاچەی ورمێ بچێ، پێویستی بە ئەنجامدانی هەنگاوێكی كردەیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ